سهرهتا
پۆستی ئهلیکتڕۆنی
ئهرشیف
هاوڕێیان
دهربارهی من :: بهستهری بهکهڵک :: سبەی
هاوڵاتی
ئاوێنە
PukMedia
کوردستان نیوز
ئاسۆ
ڕۆژنامە
الجزیرە نێت
ALarabiya
:: لۆگۆی دۆستان ::

RSS
وشەى هەرزەکارى لە بنچینەدا ئەم وشەیەش وشەیەکى کۆنە لە زمانەوانیدا، ئهوهی گەلێک واتا دەبەخشێت، ئهوانهش وابەستەن بە تایبەتمەندیەکانى تاکەوە وەکو "درۆ، بێئاگای، پەلەکردن، خێرایی لە بەگژدا چوندا، گێلى، نەزانى، شەڕەنگێزى". بەڵام هەرزەکارى لە دەرونزانیدا بە واتاى نزیکبونەوەى تاک دێت لە پێگەیشتنى جەستەیی و ژیرى و دەروونى کۆمەڵایەتى.
ماوەى هەرزەکارى
هەتا وەکو ئێستا ڕێکەوتنێکى گشتى نیە لەسەر ماوەى و کاتى دەستپێکردنى قۆناغى هەرزەکارى، بەشێوەکى گشتى ئەم ماوەیە درێژ دەبێتەوە لە 12 بۆ 20، چوونە ناو قۆناغى هەرزەکارى بە پێى ڕەگەز دەگۆڕێت کچان زووتر پێدەنێنە ناو ئەم قۆناغەوە بە بەراورد بە کوڕان، هەروەک چۆن کچان لە لایەنى سۆزداریەوە زووتر پێدەگەن وەک لە کوڕان.
تۆێژهران لەسەر ماوەى دەستپێک و کۆتاییەکانى تەمەنى هەرزەکارى کۆک نین، بەڵام لەسەر ئەوە کۆکن، که دەستپێکى هەرزەکارى هاوکاتە لەگەڵ تەمەنى باڵقبوندا، دیاریکردنى ئەم تەمەنەش بە 12 ساڵى دەستپێدەکات، کە ئەمەش بۆخۆى گریمانەییە، هەروەک چۆن ئاماژەمان پێکرد جیاوازى و دوورى هەیە لە نێوان تەمەنى باڵقبونى کوڕان و کچاندا، بەهەمان شێوە جیاوازیش هەیە لە نێوان شارستانیەتێک و یەکێکى تردا، و پێگەى جوگرافى شوێنێک و شوێنێکیتردا، و کاریگەرى جۆرى خواردن. هەموو ئەو ڕاستیانه دەبنە هۆى ڕوودانى باڵقبون لەکاتێکى زودا.
جیاوازى نێوان باڵقبون و هەرزەکارى
جیاوازى هەیە لە نێوان هەرزەکارى و باڵقبوندا: مەبەست لە باڵقبون گۆڕانکارییە جەستەیی و فیسۆلۆژییەکانە؛ وەکو پێگەشتن و تەواوبون لە ئەرکە سێکسیەکان لاى هەرزەکار، یاخود گەشەکردنى گلاندە سێکسیەکان و تواناى تاک بۆ وەگەرخستنیان. بەڵام مەبەست لە هەرزەکارى ئاماژەیەکە بۆ پێگەیشتنێکى پلەبەندى لە ڕوى جەستەیی و ژیرى و دەروونى و کۆمەڵایەتى.
هەربۆیە باڵقبون تەنها یەک لایەنى هەرزەکارییە، ئەویش لایەنى جەستەیی و فیسیۆلۆژیەکەیە، ئهوهی تەنها لەڕووى کاتەوە پێش هەرزەکارى دەکەوێت؛ کەواتە باڵقبون یەکێکە لە ئاماژە سەرەتاییەکانى چوونە ناو قۆناغى هەرزەکاریەوە.
نیشــانەکانى بــاڵقبون
دوو جۆر نیشانە هەن لە باڵقبوندا کەپێیان دەوترێت نیشانە یەکەمیەکان و نیشانە دوەمیەکان، نیشانە یەکەمیەکان بریتین لە:-
1- پێگەیشتنو گەورەبونى ئەندامى سێکسى
2- دەسپێکردنى سوڕى مانگانە لاى کچان
3- خەوبینینى سێکسى لاى کوڕان
*نیشانە سێکسیە دوەمیەکان بریتین لە:-
1- گڕبونى دەنگ
2- دەرکەوتنى موو لەهەندێک جێگاو ئەندامى جەستەدا
3- گەورەبونى سنگ لاى کچان
*- زیادبونى دەرهاوێشتە هۆڕمۆنیەکان:
1- زیادبونى چالاکى نوخامە گلاند (وەکو ڕژێنە سێکسیەکان........)
2- زیادبونى چالاکى گلاندى دەرەقى ( زیادبونى چالاکى جەستەیی)
3- زیادبونى چالاکى گلاندە سێکسیەکان
ڕ- هۆڕمۆنى ئاندرۆجین (گەشەکردنى ماسولکەو ئێسک)
ب- هۆڕمۆنى ئێسترۆجین (شێوەى ئێسک و چینە چەورییەکان)
قۆناغەکانى هەرزەکارى
ماوە و کاتى هەرزەکارى دەگۆڕێت لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکیتر، لەهەندێ کۆمەڵگەدا ماوەى هەرزەکارى کورت خایەنە و لەهەندێکى تریاندا درێژخایەنە، هەر لەبەر ئەمەیە زاناکان هەستاون بەپۆڵێنکردنى هەرزەکارى بەسەر سێ قۆناغدا کە ئەمانەن:
1- قۆناغى سەرەتاکانى هەرزەکارى 11 بۆ 14 ساڵى، ئهوهش بە گۆڕانکاریە بایلۆژیە زۆر خێراکان دەناسرێتەوە
2- قۆناغى ناوەڕاستى هەرزەکارى 14 بۆ 18 ساڵى، ئەو قۆناغەیە کە گۆڕانکاریە بایلۆژیەکانى تێدا تەواو دەبێت
3- قۆناغى کۆتاییەکانى هەرزەکارى 18 بۆ 21 ساڵى، لەم قۆناغەدا گەنج (کوڕان، کچان) وەکو مرۆڤێکى پێگەیشتو دەردەکەوێت لە ڕوخسارو مامەڵە کردنیدا
لەم پۆلێنکردنەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە قۆناغى هەرزەکارى زیاتر لە 10 ساڵ درێژە دەکێشێت لە ژیانى تاکدا کە 11 – 21 ساڵییە.
گرفت و کێشەکانى هەرزەکــار
گرفت و کێشەى هەرزەکارى لە تاکێکەوە بۆ تاکێکى تر، لە ژینگەیەکى جوگرافیەوە بۆ یە کێکى تر و لە بنەماڵیەکەوە بۆ یەکێکى تر دەگۆرێت، هەروەها بە پێى چەشن و شێوەى ژیار و شارستانێتیەکانیش دەگۆرێت، ئەگەر تەماشاى کۆمەڵگە بەرایی و سەرەتاییەکان بکەین، قۆناغى هەرزەکارى لاى تاکەکانى زۆر جیاوازترە لە کۆمەڵگەى شارستانى، هەروەها ئەم جیاوازیەش جارێکیتر دەبینرێتەوە لە کۆمەڵگە سیڤیلیهکاندا، - لە کۆمەڵگە گوند نشینەکاندا جیاوازه- بێگومان ئەو گرفتانەى دێنە پێش هەرزەکارى لە کۆمەڵگەیەکى داخراو پڕ لە کۆتو بەندو ڕێگر لەبەردەم چالاکیەکانى تاکدا زۆر جیاوازە، لەگرفتى ئەو هەرزەکارەى کە لە کۆمەڵگەیەکى ئازادو کراوەدا ژیان بەسەر دەبات و ڕێگەى کارو چالاکى و تێرکردنى پێداویستى و پاڵنەرە جۆراو جۆرەکانى بۆ دابینکراوە، هەربۆیە قۆناغى هەرزەکارى قۆناغێکى سەربەخۆ نییە، بەڵکو ئەم قۆناغە دەکەوێتە ژێر کاریگەرى شارەزاى قۆنەغەکانى پێشتر، ئهوهی مندال پێیدا تێپەڕیوە. بۆیە نابێت ئەوە لەبیر بکەین، کە گەشەکردن پڕۆسەیەکى بەردەوام و پێکەوە بەستراوە، هەربۆیە جیاوازى نێوان قۆناغى منداڵى و هەرزەکارى تەنها لە کاتدا جیاوازه؛ ئەوەى ئەو دوو قۆناغە لە یەکترى جیادەکاتەوە، برتییە لە جیاوازى پێداویستییهکان و پاڵنەرەکان، ئهوهش لە هەر یەک لە قۆناغەکاندا جیاوازه.
ئەوەى شایەنى باسە لەم قۆناغەدا ململانێى دەروونى ڕوبەڕووى هەرزەکار دەبێتەوە، ئەویش بەهۆى ئەو گۆڕانکارییە بایلۆژى و جەستەیی و دەروونیانەوە دەبێت، ئهوهی لەم قۆناغەدا ڕوودەدهن. تاکى هەرزەکار لەڕووى جەستەییەوە هەست بەگەشەکردنێکى زۆر خێرا دەکات، ئهوهش لە ئەندامەکانى جەستەیدا، ئهوانهش دەبنه هۆکارى دڵەڕاوکێى و پەشێوى بۆ گهنجی ههرزهکار، لەئەنجامدا هەست بە سستى تەمبەڵى و خاوبونەوە دەکات، ئەم خێراییە لەگەشەکردندا وا دەکات، که هەرزەکار جموجۆڵى ناڕێکی لەگەڵ خۆیدا دهبێت، دڵتەنگى و پەژارەى و ئازاردێنێت بۆ هەرزەکارەکە، که لە هۆکارەکانى تێناگات.
لەڕووى دەروونیشەوە هەرزەکار هەوڵدەدات بۆ ئازادى و هاتنەدەرەوە لە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتى دایک و باوک و خێزانەکەیدا، هەوڵدەدات بۆ سەربەخۆبن و پشت بهخۆ بهستن و بنیاتنانى بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتى، لەهەمان کاتیشدا ناتوانێت لە دایک و باوکیشى دوربکەویتەوە، چونکە سەرچاوەى ئاسایش و دڵنیایی و دەستکەوتنى لایەنى مادیشن بۆی، بۆیە تێنەگەشتنى خێزان و کەسوکارى هەرزەکار لەسروشتى ئەم قۆناغە و چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەفتارى هەرزەکاردا، دەرئەنجامى خراپى لێدەکەوێتەوە بۆ سەر دەروونى هەرزەکار، لەم قۆناغەدا هەرزەکار توشى لەتبوون، پەرتبوون و تێکچوون لە هاوسەنگى دەروونیدا دەبێت، چونکە ئەگەر وەکو منداڵ مامەڵە بکات، گەورەکان گاڵتەى پێدەکەن، و بەپێچەوانەشەوە ڕاستە، بۆیە کۆ و سەرجەمى ئەو هۆکارانە، توندى کێشە و گرفتەکانى هەرزەکار زیاد دەکهن. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەى لەگەڵ دایک و باوک و هەرزەکار کراون، زۆربەى خێزان و دایک و باوکەکان بهدهست ئهم قۆناغهوه دەناڵێنن، ئهوانهی منداڵەکانیان تێیدان، ئەویش بەهۆى :-
1- ترسێکى زۆر لە هاوڕێیەتى کردنى کەسانى خراپ
2- یاخیبوون و بەرپەرچدانەوەى هەر جۆرە ئامۆژگارى و پێشنیارێک لەلایەن دایک و باوکەوە
3- داواکردنى ئازادى و سەربەخۆى زیاد لە پێویست
4- هەرزەکاران لە جیهانێکى تایبەتدا ژیان بەسەر دەبەن وە بەردەوام، هەوڵى جودا بونەوە لە دایک و باوک دەدەن، ئهوهش بە چەند ڕێگەیەکى جیاواز
*- دەرکەوتووترین کێشە و گرفتە ڕەفتاریەکان لە ژیانى هەرزەکاردا ئەمانەن :
1- ململانێى ناوەکى:
هەرزەکار بەدهست کۆمەڵێک ململانێى ناوەکییەوە ئەناڵێنێت، لەوانە ململانێ لەنێوان سەربەخۆیی لە خێزا و پشت بەستن بەخود، ململانێ لە نێوان پاشکۆى مداڵێتى و داواکارى گەورەکان، ململانێ لە نێوان ئومێد و هیوا زۆرەکانى هەرزەکار و کەمى لە ڕاستهقینهدا، ململانێ لەنێوان ڕەمەکە ناوەکى (غرائز الداخلیە)، و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، ململانێ لە نێوان ئایین وەکو پڕانسیپێ، ئهوهی فێرى بووە لە بچوکیداو، فەلسەفەى تایبەتى بۆ ژیان، ململانێى ڕۆشنبیرى، لە نێوان نەوەى هەرزەکار و نەوەى ڕابردوودا.
2- نامۆبوون و یاخى بوون: هەرزەکار هەندێک جار گومانى ئەوە دەکات، کە هیچ کام لە دایک و باوکى لێی تێناگەن، بۆیە هەوڵ دەدات بۆ بەرپەرچدانەوەى هەڵوێست و داواکارى و حەزەکانى دایک و باوکى، ئەمەش وەکو میکانیزمێک بۆ جەختکردنەوە لەسەر خۆناساندن و تاکێتى خۆى بەکاردەهێنێت، کە ئەمەش بەبەرەنگاربونەوەى دەسەڵاتى کەس و کار کۆتایی دێت، لەبەر ئەوەى هەرزەکار واى دەبینێت هەر دەسەڵاتێکى سەروتر یاخود هەر ڕێنماییەک لەسەروخۆیەوە بێت، ئەبێتە هۆى بەلاواز تەماشاکردنى توانا ژیرییەکاى هەرزەکار، کە ئەو وا تەماشاى خۆى دەکات لەڕووى ناوەڕۆکەوە کەسێکى پێگەیشتوەو هاوسەنگى هەیە، بۆیە ڕەچاونەکردنى ئەوانەى کەباسکران لەلایەن دایک و باوک و کەسوکارەوە دەبێتە هۆى دەرخستنى کۆمەڵێک ڕەفتارى یاخیبون و خۆبەگەورەزان و بهرههڵستى و دەمارگیرى و شەڕاگێزى لاى هەرزەکــار.
3- شـەرمـکردن و گـۆشــەگـیرى: نازهەڵگرتنى زۆر و لەهەمانکاتدا توندوتیژى زیادیش ئەبنە هۆکارى ئەوەى هەرزەکار بەردەوام پشت ببەستێت بەوانیتر لە چارەسەرکردنى کێشەکانى، کە سروشتى ئەم قۆناغە پێویست بەوە دەکات، کە هەرزەکار سەربەخۆبێت لە خێزان و پشت بەخودى خۆى ببەستێت، بۆیە ئەم بارە فشار و توندى ململانێێ لا زیاد دەکات، لەم بارەشدا گەنج بۆ پاشەکشێکردنى لە جیهانى کۆمەڵایەتى و هەڵبژاردنى گۆشەگیرى و شەرمکردن و دورەپەرێزى هەوڵدەدات.
4- ڕەفتارى بێزراو قێزەون : هەرزەکار بەردەوام حەزى لە بەدەستهێنانى ئارەزووە تایبەتیەکانى خۆیەتى، بەبێگوێدان و لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى گشتى بۆیە زۆر ئاساییە، هەندێ لە ڕەفتارەکانى ببنە مایەى بێزارکردنى خەڵکى وەکو قیژەقیژو هاوارکردن، جنێودان، دزیکردن، هێرشکردنە سەرمنداڵان، کێبڕکێکردن لەگەڵ گەورەکاندا، تێکدان و خراپکردنى سامان و موڵکى خەڵکى، خۆخەریکردن بەهەندێک کارى پڕوپوچەوە، خۆئاڵاندن بەکێشەو و گرفتەوە، گوێنەدان بە مۆڵەت وەرگرتن لە کاتى هەرپێداویستیەکدابێت، گرنگى نەدان بە هەستو سۆزى ئەوانیتر.
5- دەماگیرى و توڕەبون: زۆرجار هەرزەکار دەیەوێت داواکارى و پێداویستیەکانى لە ڕێگەى هێزو توندوتیژى زۆرو دەمارگیریەوە بەدەست بهێنێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆى بێزارکردى زۆرى چواردەورى، زۆربەى لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە پەیوەندیەکى بەهێز لەنێوان هۆرمۆنە سێکسیەکان و کارلێکە ویژدانیەکان لاى هەرزەکار ههیه، بەواتایەکى تر، هەتا ئاستى هۆرمۆنەکان بەرز بێت، ئەبێتە هۆى کارلێکى ویژدانى جۆراوجۆر وەکو توڕەبون و دەمارگیرى لاى کوڕان، خەمۆکیش لاى کچان.
دکتۆر "ئەحمەد مەجدوب"، پسپۆڕە لەسەنتەرى نەتەوەیی بۆ توێژینەوە کۆمەڵایەتى و تاوانکارییەکان، دەڵێت: "لە دیارترین تایبەتمەندییەکانى قۆناغى هەرزەکارى ئەمانەن 'نقوم بون لهئهندێشهکردنەوەدا، خوێندنەوەى چیرۆکى سێکسى، ڕۆمانى پۆلیسى، چیرۆکى توندوتیژى و تاوان، زیندەخەون، خۆشەویستى لەیەکەم نیگاوە، دەستدانە کارى مەترسیدار، ئارەزوى لاسایکردنەوە'."
6- یەکێکیتر لە گرنگترین ئەو گرفتانەى هەرزەکار پێوەى دەناڵنێت توشبونێتى بە نەخۆشیەکانى گەشەکردن وەکو "کەمخوێنى، چەمانەوەى پشت، کورتبینى"، سەرجەمى ئەم گرفتانە بۆ ئەو گەشەکردنە خێراو هەمە چەشنەى دەگەڕێنەوە، ئهوهی لەجەستەى هەرزەکاردا ڕوو دەدات، ئهوهش پێویستى بە خواردنى تەواو تەندروست هەیە، هەتاوەکو هاوکارى جەستە بکات بوگەشەکردنى، بۆیە لەسەر خێزانەکان پێویستە لەپێناو دابینکردنى خۆراکى تەندروست و ژەمى باش لەڕوى چۆنێتیەوە بۆ هەرزەکاردا ههوڵبدهن.
پسپۆڕانى دەرونزانى و بوارى کۆمەڵاتى و پەروەردەیی ڕێکەوتون لەسەر بەشداریپێکردى هەرزەکار لە تاوتوێکردنى زانستیانە و ڕێکخراودا بۆچارەسەرکردنى کێشەکانیان، ئەویش بە هۆى هەرزەکار کێشەکانى بخاتە ڕوو، تا بەوپەڕى دڵنیابوون لهخۆ ڕاشکاوانه لەگەڵ گەورەکاندا تاوتوێى بکات.
لەگرنگترین ئەو ڕێگانەى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرزەکار بەکاردەهێنێرێن:
1- هاندانى چالاکى خۆشنودەگى بۆ هەرزەکار، ڕێکخستنى گەشت، بەشداریپێکردنیان لە چالاکیە مەیدانیەکاندا، هەروەها پێویستە ئاڕاستە بکرێن لەکارى دەستەجەمعیدا، وە بەشداریکردنیان لە پڕۆژە خزمەتگوزاریە گشتیەکان و خولە هاوینییەکاندا.
2- پێویستە دایکان و باوکان ئەوە لەبەرچاوبگرن، کە هەرزەکار لەکاتێکی جیاوازە لەکاتی خۆیاندا دهژی، بۆیە ناکرێت باوان حەزیان لەچیکرد، ئەوەش بەسەر منداڵەکانیاندا بسەپێنن، ئەمەش چ لە ڕووى ئایدۆلۆژیەوە بێت یان ئاینیەوە بێت یاخود لە جۆرى جلوبەرگەوە بێت یان لە خواردن و خواردنەوەوە بێت یان چێژ وەرگرتن لە هونەر و گۆرانى.
3- تێرکردن و پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى هەرزەکار و پەراوێز نەخستنى ئاڕاستەکردنى بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ و لێبووردەیی و سنگفراوانى لەبەرامبەر هەندێک لە هەڵوێستى کۆمەڵایەتى نادروستدا، پێویستە هەرزەکار لە خێزاندا هەست بەخۆشەویستى و یەکسانى و ئاسایش و سەربەخۆیی خۆى بکات، بەدوربێت لە ترسى لێکترازان و هەڵوەشاندنەوەى خێزان، شکست هێنان لە خوێندن، ملکەچ پێکردن.
4- لەهەموى گرنگتر کەمکردنەوەى دەسەڵاتى دایک و باوکە بەسەر منداڵەکانیانەوە لەم قۆناغەدا و پێدانى دڵنیابوون بەشێوازێکى زۆر لەگەڵ چاودێریکردن و بەدواداچونى بە شێوەیەکى نهێنى.
5- فێرکردنى هەرزەکار بەبەرپرسیارێتى لەو شوێنەى، ئهوهیتێیدا دەژى و پارێزگاریکردن لەو شتانەى کە لەبەردەستیدان، و بەکارهێنانیان لە ڕێگەى ئیشى باش و بەرهەمهێنەردا، دەرکردنى چەمکى مەترسیدار و هەڵە لە مێشکیدا، و هاوڕێیەتیکردنى کەسانى نموونەیی و باش، فێرکردنى هەندێ ڕێگا بۆچارەسەرکردنى قەیران و ڕوبەڕوبونەوەى خەڵکانیتر بەشێوەیەکى دانایانە، دورلەتوندوتیژى، پاداشتکردنى لەکاتى باش و پۆزهتیڤدا و دورکەوتنەوە لەبەکارهێنانى ئەو زاراوانەى، دەبنە بێزارکردن و توڕەکردنى هەرزەکار.
6- ڕێگەدان بە هەرزەکار و فێرکردنى بۆ گوزارشتکردن لە بیرۆکە و باره ویژدانى و سۆزداریەکانى خۆى، بۆ ئەوەى چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرزەکار ئاکامێکى باش بەدەستەوە بدات، پێویستە ئاگاداربین لەبەکارنەهێنانى ئەم گوزارشتە نێگەتیڤانە: "تۆ شکست خواردویت، کەلە ڕەق، سەرسەرى، زماندرێژ، تۆقەت تێناگەیت، هەرگیز چاکنابیت، لەکۆڵمانبەرەوە.....هتد"، ئەم وشە و دەستەواژانە بەتەواوەتى هەرزکار لاواز و بێئومێد دەکات، و ئاڕاستەى کێشە و ماندووبونى زیاترى دەکات، بەدەر لەوەى گفتوگۆ و ڕێگەچارەسەرەکان ئاکامى نابێت.
*. لێکۆڵینەوە زانستییەکان جەخت لهسەر ئەوە دهکهنهوه، که لە 80% کێشەکانى هەرزەکار بەهۆى ئەوەوەیە، کە باوان دەیانەوێت منداڵەکانیان بارگاوى بکەن بەداب و نەریت و بیروبۆچونى کۆمەڵگەکەیان. لێرەدا پێویسته پەروەردەکاران دیالۆگ لەگەڵ کەسوکارى هەرزەکاردا بکەن، چونکە زۆر جار دایک و باوک لەحەز و ئارەزوو و پێداویستیە هەنوکەییەکانى هەرزەکارەکەى خۆی تێناگات و چارەسەریشى بۆ ناکرێت، ئاڕاستە و لێکۆڵینەوە هاوچەرخەکان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن هونەرى گوێگرتن لەم قۆناغەدا بەشێکە لە کێشەکانى هەرزەکار، هەروەها پێویستەو گرنگیشە ڕایەڵەیەکى هاوڕێیانەو زمانێکى ناسک بەکاربهێرێت لەگەڵ هەرزەکاردا.
قوتابخانەى تایبەتى بۆ لێکۆڵینەوەى کۆمەڵایەتى لە وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا هەستاوە بە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر 400 منداڵ لەسەرەتای تەمەنى باخچەى ساوایانەوە هەتا وەکو تەمەنى 24 ساڵى، ئەویش لەسەر بنچینەى چاوپێکەوتنى ناوبەناو و جیاواز لە تەمەنەکانى 5، 9، 15، 18، 21، ساڵى ئەو هەرزەکارانەى، کە لە خێزانێکى پتەو پێکەوە بەستراودا کە تاکەکانى پێکەوە بڕیار دەردەکەن وە لەدانشتنە خێزانیەکاندا خۆشەویستى ئاڵوگۆڕ دەکرێت گرنگى بەیەکترى دەدەن، ئەم جۆرە خێزانانە کەمتر دەکەونە ژێر فشارەوە بە چاوێکى پۆزەتیڤەوە سەیرى ژیان دەکەن، وە ئەمانە زیاتر توانیان هەیە لە چارەسەرکردن و ڕوبەڕونەوەى کێشەکاندا، بەپێچەوانەشەوە ئەو خێزانانەى ئەو مەرجانەى سەرەوەیان تێدا نەبێت زیاتر نیشانەکانى خەمۆکى و فشاری دەرونیان تێدا بەدەر دەکەوێت.
چۆنێتى مامەڵەکــــردن لەگەڵ هەرزەکاراندا بۆ "ڕابـەر، بــاوان، مـامۆستایان"-*
هەرزەکارى یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکانى ژیانى مرۆڤ، ئەم زاراوەیە واتاى ژیانى نێوان کۆتاییەکانى منداڵى و سەرەتاکانى پێگەیشتن بۆیە تاک لێرەدا هەوڵدەدات، بۆ سەربەخۆبوون، هەندێک لە زانایان ئەم قۆناغە دادەنێن بە لەدایکبووى ژیانێکى نوێ، یان گەردەلوول، یاخود قۆناغى قەیرانى دەروونى، لەبەر ئەوەى یەکێکە لە قۆناغە ناسکەکانى تەمەنى مرۆڤ، کە ئەویش ماوەى باڵقبونە، ئەم قۆناغە بەپێی کارتێکەرە کۆمەڵایەتى و ژیارى و جوگرافى و کەلتوورى و ڕەگەزى دەگۆڕێت، بۆ نمونە کچان زوتر دەچە ئەم قۆناغەوە وەک لە کوڕان هەروەها ئەوتاکانەى لە ناوچە گەرمەکاندان زوتر دەچنە قۆناغى هەرزەکاریەوە وەک لە ناوچە ساردەکان.
هەرزەکارى لە کۆمەڵگە مەدەنیەکاندا شێوازى جۆراو جۆرى هەیە بە پێى ئەو ژینگەیەى کە هەرزەکارى تێدا دەژى لەوانە:
1- هەرزەکارى سروشتى و خۆگونجێنەرو بێ کێشەو گرفت
2- هەرزەکارى کشاوە، لەکۆمەڵگەو خێزان و هەڵبژاردنى گۆشەگیرى تەنیایی و تێڕامان لە کێشەکانى خۆى
3- هەرزەکارى شەڕانگێزو یاخى بو بەرامبەر بە خودو، تاکەکانى خێزان و قوتابخانە
4- هەرزەکارى لادەر، کە ئەمەش لە چەند ڕەفتارێکى لادەرانەدا خۆیان نیشان دەدەن وەکو بەکارهێنانى مادە بێهۆشکەرەکان، دزیکردن، پوکانەوەو کاڵبونەوەى ئاکار.
ڕوخسارو تایبەتمەندیەکانى گەشەى هەرزەکارى بە شێوەیەکى گشتى
1- گەشەکردنى جەستەیی- فیسیۆلۆژى- جوڵەى: قۆناغى هەرزەکارى جیادەکرێتەوە بە کۆمەڵێک گۆڕانکارى جەستەیی خێرا، بەتایبەت لە سێ ساڵى یەکەمیدا بەهۆى زۆرى ڕژێنى هۆڕمۆنى گەشەکردن، وە لەگرنگترین ڕوخسارەکانى گەشەى جەستەیی درێژبونێکى بەرچاوە لە باڵادا، زیادبونى کێش، ئەمەش لەدەرئەنجامى گەشەیە لە شانەکانى ئێسکو و ماسولکەکانى، وە زۆربونى چەورى بەتایبەت لاى کچان، هەروەها گەشەکردنى پەیکەرى مرۆڤ بە شێوەیەکى گشتى، لە ڕوخسارەکانى گەشەکردنى فیسیۆلۆژى بریتین لە گەشەکردنى قەوارەى دڵ، گەشەکردنى گەدەو گەورەبونى، کەئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەى هەرزەکار تواناى وەرگرتنى خواردنى هەیە بەشێوەیەکى زیاتر، بەهۆى ئەو گەشەکردنە خێرایەیی کە ڕودەدات، وزەى زیادى لێدەبات.
گەشەکردنى جەستەیی- فیسیۆلۆجى، جێماوى دەرونى لەسەر هەرزەکار بەجێدەهێڵێت، بۆیە پێویستە لەسەر پەروەردەکاران و دایکان و باوکان ئەمانە لەبەرچاو بگرن، گۆڕانکاریە جەستەییە سێکسیەکان ڕۆڵێکى بەرچاویان هەیە لە تێگەشتنى هەرزەکاریدا، بۆ نمونە کچان وەڵامدانەوەیان بۆ ئەم گۆڕانکارییە جەستەییانە دوفاقیە، لەلایەکەوە شانازى بە کچێتى خۆیەوە دەکات، لەلایەکیشەوە شەرمەزارە لە دەرئەنجامى ئەو گۆڕانکاریانە، وە هەست بە دڵەڕاوکێ و ماندوبون دەکات بە تایبەت لەکاتى سوڕى مانگانەدا، بەڵام لە ڕووى گەشەکردنى جوڵەییەوە هەرزەکار سست و بێتاقەت و ماندو بەدەردەکەوێت، زۆر جار جوڵەکانى هەرزەکار هاڕمۆنیەت و گونجان و وردى پێوە دیارنیە وەکو، خۆپێداکێشان و بەرکەوتنى کەلوپەلى ناوماڵ، یاخود کەوتنە خوارەوەى شتومەک لە دەستى، هەموو ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ نەبونى هاوسەنگى.
2- گەشەکردنى ژیرى: گەشەکردنى زیرەکى گشتى و زیادبونى توانا لە پڕۆسێسە ژیریە باڵاکاندا، وەکو بیرکردنەوە، وەبیرهێنانەوە، بەندن لەسەر تێگەیشتن و هەڵێنجان، و فێربونو خەیاڵکردنەوە، هەرزەکار لەم قۆناغەدا توانستە ژیریەکانى وەکو ماتماتیک زیاد دەکات، توانای مامەڵکردنى هەیە لەگەڵ ژمارەو زمانەوانى و وردى لە گوزارشت کردن، و توانى میکانیکى و هونەرى و داهێنانى لا بەدەردەکەوێت، وەکو چالاکى و بەرهەمێکى عەقڵى.
